ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ڕەوشی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان خرایە بەر باس و جەخت لەسەر ئازادكردنی شاری موسڵ و ناوچەكانی دیكە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش كرایەوە.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری جارێکی تر سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانیان كرد كە ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و لێقەوماوانی هەموو پێکهاتەکانیان لە کوردستان حەواندۆتەوە و ڕایانگەیاند کە هەرگیز ئەو هەڵوێستە لەیاد ناکرێت.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا ڕەوشی ناوچەکە بەگشتی و چۆنییەتی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق تاوتوێ كرا.

 

 

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەروەها ڕەوشی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە پارێزگاكانی دیالە و ئەنبار و كەركووك و سەلاحەدین و نەینەوا خرایە بەر باس و قسە لەبارەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هۆزە عەرەبەكان و حەشدی شەعبی كرا. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر ئازادكردنی شاری موسڵ و ناوچەكانی دیكە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش كرایەوە.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا تەحەدییاتی بەردەم عێراق و چۆنییەتی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە پڕۆسەی سیاسی و چاكسازی و قۆناغەكانی دوای شەڕی داعش تاوتوێ كرا.

ئەمڕۆ یەكشەممە 11ـی 1ـی 2014 سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پڕۆسەی سیاسی و بارودۆخی مەیدانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی لە بەرەكانی شەڕی دژی داعشدا بەدەستیان هێناوە.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە ڕاگەیاند و ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوكارییەك بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.

 

 

 

ئەمڕۆ شەممە 9ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون ژمارەیەك پارلەمانتاری عێراقی.


لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان لەدژی داعش و تیرۆریستان و بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانەیان كرد كە لە لایەن تیرۆریستانەوە دەرهەق خەڵكی سنجار و دەرووبەری ئەنجام دراوە. سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانیشی كرد كە پەناگەیان بۆ ئاوارەكان و ئازادیخوازان و پێكهاتەكانی عێراق لە كوردستان دروست كردووە و ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە داعش بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی خەڵكی عەرەب و سووننە ناكات و تەنانەت ژمارەیەكی زۆری عەرەب لە زوڵمی داعش ماڵ و حاڵ و موڵكی خۆیان جێهێشتووە و پەنایان بۆ كوردستان هێناوە ئەوان كۆمەڵێك تاوانبارن كە ئامانجیان تێكدانی ژیانی خەڵك و برایەتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی عێراقە. نوێنەرانی پارێزگا سووننەنشینەكانی عێراقی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بە سەرۆك بارزانیان ڕاگەیاند كە ئەو ئاوارە عەرەبانەی لە كوردستاندا نیشتەجێن ئامادەن بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی دژی داعش بكەن و ناوچەكانیان ئازاد بكەنەوە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئەم دوایە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان ڕایگەیاند گەلی كوردستان سەرباری ئەوەی كارەساتی گەورەی ئەنفال و كیمیابارانی بەسەردا هاتووە بەڵام هیچ كات نەیویست برایەتی و پێكەوەژیانی لەگەڵ عەرەبەكان تێكبچێت و یارمەتیی ئەو عەرەب و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی دا كە لە ناوچەكەدا دەژییان. گەلی كوردستان هەمیشە شەڕی حكوومەتە زاڵمەكانی كردووە و هەرگیز لەدژی نەتەوە و خەڵكی مەدەنی نەبووە. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ڕەفتارەی لە لایەن هەندێ گوندنشین و هۆزی عەرەبی لە سنجار و ڕۆژهەڵاتی موسڵ لەدژی پێشمەرگە و كوردانی ئێزیدی بینرا جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و دوور بوو لە چاوەڕوانیی ئێمە و ترسی ئەوە هەیە كە تیرۆریستان لەوەدا سەر بكەون كە دوژمنایەتیی نێوان كورد و عەرەب دروست بكەن. پەیوەست بە ئەو عەرەبە ئاوارانەی پەنایان بۆ كوردستان هێناوە سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان دەستبەرداری ڕەوشتی بەرزی خۆی نابێت و پەناگەی هەموو ستەملێكراو و لێقەوماوانە و ئاساییشی ئاوارەكان پارێزراو دەبێت.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی